ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، دوای ١٧ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ئەم ١٧ ڕۆژەدا بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرایە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و شەوانە سەرلەنوێ دەگەڕێنرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی ئەم شارە.

ئەم ژنەچالاکە دواجار ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئایدا عەموویی کە چالاکوانێکی مەدەنیی شاری سنەیە، پێش دەستبەسەرکران چەندیان جار لەسەر چالاکییەکانی لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێ کرابوو.