حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فایەق ڕەشیدیان، فەرزاد نووری، بێهرووز فەیزی، پووریا ئەحمەدی، دانش شەرەفی، سرووش نووربەخش و فەرزاد مەردۆخی که لەم حەفتانەی ڕابردوودا لە شارەکانی بانە، سەقز، سنە، دێولان و مەهاباد دەستبەسەر کراون، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگە و زیندانەکاندا ڕاگیراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانش شەرەفی ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارە. هەروەها سرووش نووربەخش، خوێندکاری بەشی ژەنیاریی مۆسیقای جیهانی (ئامێری گیتار) لە زانکۆی هونەری تاران، ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١ی فێبرییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بێهرووز فەیزییش ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.
بەدەر لەم حاڵەتانە، پووریا ئەحمەدی، برازای شادمان ئەحمەدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار. دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقزیش بە ناوەکانی فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری ڕۆژی ٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بانە دەستبەسەر کران و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.
فەرزاد مەردۆخی، خەڵکی کامێران و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کە سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵ (کۆتایی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بانە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش لە زیندانی ئەم شارە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا ڕاگیراوە. ئەم هاووڵاتییە سەرەتای ڕێبەندان (کۆتایی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرابوو.
بە گوێرەی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ٤٥ ڕۆژی ڕابردوودا سەدان هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت یان دەستبەسەر کراون.