دوای تێپەڕینی حەفتەیەک لە دەستبەسەرکردنی سەروەت سوهرابی، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی کرماشان، ئەم هاووڵاتییە هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندایە و بە درێژایی ئەم ماوەیە مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە فەرهەنگییە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٥ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە شەقامێکی کرماشاندا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی سەروەت سوهرابی بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی کوڕەکەیان، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر چارەنووسی ئەم چالاکوانە کوردە بە بنەماڵەکەی نەداوە.