سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی دیاکۆ خزری، پەیمان ئیسماعیلپوور و یەحیا مورادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و جوانڕۆ دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٣ی فێبرییەی ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پەیمان ئیسماعیلپوور لە گوندی «حاجی لەک»ی بۆکان و ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەر کرد. دەستبەسەرکردنی پەیمان ئیسماعیلپوور بەبێ مۆڵەتی یاسایی بووە و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی هێرشکردنەکەدا دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و کەشێکی تۆقێنەریان بەسەر بنەماڵەکەیدا سەپاندووە.
هەروەها ڕۆژی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٥) دیاکۆ خزری، مامی شاهۆ خزری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانیش (١٣ی فێبرییە) یەحیا مورادی، لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینەکەی گەڵارێزانی ٢٠١٩ لە شاری جوانڕۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکان، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ئەم هاووڵاتیانە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.