جەواد سەواری، برای فواد سەواری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە دیواندەرە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە دادخوازە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جەواد سەواری لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار کەوتووەتە بەر گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە.

فواد سەواری، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.