زاهید خالیدیان، کاسبکاری خەڵکی قوروە کە بە بۆنەی مانگرتنە گشتییەکەی دژ بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە لە زیندانی قوروە ئازاد کرا.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەروین ئەدوایی لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەوە (چاکسازیی ژنان) گوازراوەتەوە بۆ بەندی گشتیی ئەم زیندانە و ئەفشین حسەینپەناهییش دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٨ی فێبرییەی ٢٠٢٥) زاهید خالیدیان دوای ٢٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی قوروە و سنەدا، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە. ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ واحید خالیدیانی برایدا ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە شوێنی کارەکەیاندا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.

واحید خالیدیان دوای سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. هاوکات نەسیم وەکیلیی هاوژینی زاهید خالیدیانیش لە ناوەڕاستی ڕێبەنداندا (سەرەتای فێبرییە) بانگهێشت کرابوو بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

لە لایەکی ترەوە پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو کە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی سنە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٧ی فێبرییەی ٢٠٢٥) گوازراوەتەوە بۆ بەندی گشتیی ئەم زیندانە.

هەروەها ئەفشین حسەینپەناهی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و برای ڕامین حسەینپەناهی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد کە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە شاری سنە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای ٤٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.