هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە چەند گوندێکی شاری میاندواو شەش هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی خالق ڕەحیمی، سدیق عەباسنژاد، بێهزاد بەرجەستە، کەیوان بەرجەسته، شەهاب تەوان و نیما قوربانزادە دەستبەسەر کرد و گواستنیانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٣ی فێبرییەی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «ئیبراهیمئاوا»ی میاندواو و بەبێ مۆڵەتی یاسایی چوار هاووڵاتیی ئەم گوندەیان بە ناوەکانی نیما قوربانزادە، بێهزاد بەرجەستە، کەیوان بەرجەسته و شەهاب تەوان دەستبەسەر کردووە.

هاوکات سدیق عەباسنژاد لە گوندی «قەڵای هولاکۆ» و خالق ڕەحیمییش لە گوندی «گامێش گوڵی» هەر لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەم ٦ هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراون.