لەم ڕۆژانەی دواییدا بڕیاری دەستبەسەربوونی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فریاد حاجیزاده، ئەژدەر دوودکانلووی میلان و زابت وەلیلوەی قزلباش کە لە زیندانی سەڵماس ڕاگیراون، بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە سەرەتای ڕێبەندانی ئەمساڵدا (کۆتایی ژانڤییەی ٢٠٢٥) فریاد حاجیزاده و ئەژدەر دوودکانلووی میلان لە شاری سەڵماس و زابت وەلیلوەی قزلباش لە گوندی «گوێزەک»ی ئاشناکی سەر بە سەڵماس لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سەڵماسدا.

ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە بەر لێپرسینەوە و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، هەرسێی ئەم هاووڵاتیانە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی سەڵماس کران و ئێستە بڕیاری دەستبەسەربوونیان بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.