دوای تێپەڕینی ۱۳ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی نەوزاد بەهرامی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی «دەرەتفێ»ی مەریوان، ئەم هاووڵاتییە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ () لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان دەگەڕایەوە لە سنووری «باشماخ»ی مەریوان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

نەوزاد بەهرامی بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستە مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدراوە. ئەگەرچی بنەماڵەکەی بەدواداچوونی زۆریان بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەنجام داوە، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەم بارەیەوە بە بنەماڵەکەی بدەن.