محەممەدمیرزا ڕەحمانی و مووسا تابیعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) مووسا تابعی لە شەقامێکی کامێراندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هاوکات هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مامۆستای ئایینیی کورد محەممەدمیرزا ڕەحمانی لە گوندی «تەروەڕێز»ی کامێران و ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

محەممەدمیرزا ڕەحمانی پێشتریش لە ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٤٠٠دا (٢٢ی دیسامبەری ٢٠٢١) لەبەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانیدا، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ حەفتە لە دۆخی دەستبەسەرکردندا ڕاگیرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە لە خاکەلێوەی ١٤٠١دا (ئاڤریلی ٢٠٢١) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی کامێرانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەکردن لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» سزای ٩١ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.