لە سەروبەندی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژناندا، ژمارەیەک لە چالاکانی مافەکانی ژنان لە شاری سنە، لەوانە سیمین چایچی، بەهار زەنگیبەند و سورەییا خدری، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامییەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کراوە.

هەروەها پێنج چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بە ناوەکانی خەبات دێهدار، جەمال ئەسەدی، تەیب چەتانی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی و ئێقباڵ شەعبانی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە و لە لایەن لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و پێیان ڕاگەیەنراوە کە بۆیان نییە لە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی ٨ی مارسدا بەشداری بکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٦ی مارسی ٢٠٢٥) بەهار زەنگیبەند، سیمین چایچی و سورەییا خدری دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامی، سەبارەت بە چالاکییەکانیان لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە و پێیان ڕاگەیەنراوە کە بۆیان نییە لە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی ٨ی مارسدا بەشداری بکەن. ئەم سێ چالاکە مەدەنییە دوای وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو ئازاد کراون.

لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، ژمارەیەک چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەوانە خەبات دێهدار، جەمال ئەسەدی، تەیب چەتانی، لوتفوڵڵا ئەحمەدی و ئێقباڵ شەعبانی، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە و لە لایەن لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە پێشبینیکراوەکانی ٨ی مارس هەڕەشەیان لێ کراوە. هەموو ئەم گوشار و هەڕەشانە بە دەستووری محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی سنە، جێبەجێ کراون.

بەهار زەنگیبەند و سورەییا خدری پێشتریش لە خەرمانانی ١٤٠١ (سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە سنە دەستبەسەر کران و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کران. سورەییا خدری کە لە زانکۆی ئازادی سنە وانەبێژ بوو، دوای ئازادبوون لە زیندان بە هۆی دۆسیەسازیی ئەمنییەوە لە کارەکەی دەر کرا.

سیمین چایچیی شاعیر و نووسەری خەڵکی سنەیش لە ساڵانی ڕابردوودا چەندەها جار بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردن بووەتەوە.