سۆما محمەممەدڕەزایی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانەکەی ئەم چالاکە مەدەنییە لە پاساژی ئەڵماسی سنە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم ژنەچالاکە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە شاری سنەدا.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی چالاکییەکانیەوە چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشت و هەڕەشە بووەتەوە.