لەیلا پاشایی و سوهەیلا مەتاعی، دوو چالاکوانی ژنی خەڵکی سەقز و دێولان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
ڕۆژی ڕابردوویش هەواڵی دەستبەسەرکردنی دوو ژنەچالاکی دیکە بە ناوەکانی سۆما محەممەدڕەزایی و باران ساعیدی بڵاو کرایەوە کە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥) لەیلا پاشایی لە شاری سەقز و سوهەیلا مەتاعی لە شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.
دەوترێت هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە شاری سنەدا.
لەیلا پاشایی پێشتریش لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) و لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوو و ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەر (٤ی ئۆکتۆبەر) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
سوهەیلا مەتاعییش پێشتر لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە ڕۆژانی ٩ی ڕەزبەر و ٢١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١ی ئۆکتۆبەر و ١٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ئەم ژنەچالاکە ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٥ی دیسامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی دووهەمی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە تۆمەتەکانی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ١٨ مانگ بەندکران، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٥ مانگ بەندکران، «تێکدانی ڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆوە» سزای ١٣ مانگ بەندکران، «سەرپێچیکردن لە دەستووری هێزە دەوڵەتییەکان» سزای ٥ مانگ بەندکران و «بانگەشەکردن لە بەرژەوەندیی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی حکومەتدا» سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
سوهەیلا مەتاعی دواتر بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کرا و دوای ماوەیەک و بە هۆی ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتیی دەزگای دادوەرییەوە لە زیندان ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە هەروەها ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستاندا دژ بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کرا و دوای کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.