تا ئێستا لەسەر چارەنووسی چوار ژنەچالاکوانی دەستبەسەرکراو بە ناوەکانی باران ساعیدی، لەیلا پاشایی، سوهەیلا مەتاعی و سۆما محەممەدڕەزایی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی سنە و دێولان دەستبەسەر کرابوون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چوار ژنەچالاکوانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بوون.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە بنەماڵەکانیان بدەن.

سۆما محەممەدڕەزایی و باران ساعیدی ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٩ی مارسی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کران.

 لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥) لەیلا پاشایی و سوهەیلا مەتاعی لە شارەکانی سەقز و دێولان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

دەوترێت ئەم چالاکوانانە دوای دەستبەسەرکران گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم ژنەچالاکانە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردن و بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە شاری سنەدا.

باران ساعیدی، لەیلا پاشایی و سوهەیلا مەتاعی پێشتریش لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوون.