چوار هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی محەممەدمیرزا ڕەحمانی، مووسا تابیعی، جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٥ی مارسی ٢٠٢٥) جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی دوای ١٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کران.

هەروەها ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٣ی مارسی ٢٠٢٥) محەممەدمیرزا ڕەحمانی و مووسا تابیعی، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی دیکەی خەڵکی کامێران، بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە هەمان زیندان ئازاد کران.

ئەم چوار هاووڵاتییەی خەڵکی کامێران ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران و ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٥ی مارسی ٢٠٢٥) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کران.

ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون.

محەممەدمیرزا ڕەحمانی پێشتریش لە ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٤٠٠دا (٢٢ی دیسامبەری ٢٠٢١) لەبەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانیدا، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ حەفتە لە دۆخی دەستبەسەربووندا ڕاگیرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە لە خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (ئاڤریلی ٢٠٢٢) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی کامێرانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەکردن لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» سزای ٩١ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.