هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەروبدنەی نەورۆزدا لە ڕێگای زاڵکردنی کەشی ئەمنییەوە لە هەندێ لە شارەکاندا، لەوانە پیرانشار، ڕێگرییان کردووە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە نەورۆز.
هەر لە درێژەی ئەم گوشارانە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مەتین (بێهزاد) چووپانی، ئەبووبەکر خاتەمی، هادی جامعی، مەسعوود خزری، سەلمان پاسەنگ و هەروەها فواد کەشاوەرز، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارۆچکەی ساحێبی سەقز، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار و سەقز دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزەکانی سوپای پاسداران و یەکەی فریاکەوتنی هێزی ئینتیزامی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری پیرانشار و هەندێ لە گوندەکانی ئەم شارەدا، لەوانە گوندەکانی «خورەنج» و «پسوێ»، بە دانانی بازگەی پشکنین و دەوریە ڕێگرییان کردووە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز.
هاوکات لە بەردەوامیی گوشارەکاندا بۆ سەر هاووڵاتیان و چالاکانی کورد، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٥ی مارسی ٢٠٢٥) فواد کەشاوەرز، هونەرمەندی خەڵکی سەقز، پاش ئەوەی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شارۆچکەی ساحێب چەند ئاواز و سروودی کوردیی وتووەتەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
شایانی باسە کە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شارۆچکەی ساحێب ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٤ی مارسی ٢٠٢٥) بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە چوو.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٦ی مارسی ٢٠٢٥) ئەبووبەکر خاتەمی و هادی جامیعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەیش (١٥ی مارس) دوو هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی مەتین (بێهزاد) چووپانی و مەسعوود خزری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەیش (١٥ی مارس) هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سەلمان پاسەنگ، خەڵکی گوندی «شیناوێ»ی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا، ئەم ڕێوڕەسمانە لە نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێشەوە لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستی پێ کردووە و تا ئێستایش درێژەی هەیە. ساڵی ڕابردوویش سەدان هاووڵاتیی کورد بە هۆی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردنەوە لەم ڕێوڕەسمانەدا کە زۆربەیان بە وتنەوەی سروود و دروشمی دژەحکومەتی و سیاسی و هەڵکردنی ئاڵا و هێما کوردییەکان بەڕێوە دەچن، ڕووبەڕووی هەڕەشە، بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و سزادان بوونەوە.



