لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکی کورد، لەوانە دوو منداڵ بە ناوەکانی کەیهان تەدبیری، محەممەد قادری، سەیفوڵڵاخان غەفاری، چالاک پیرووزی، کاوه داستان، بیلال دادڕەس، تەحسین دادڕەس، محەممەد ئەشتەک، محەممەد نیکپەی و ئارام نیکپەی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی مەریوان و سەقز دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٥) سەیفوڵڵاخان غەفاری، هاووڵاتیی ٧٧ ساڵانی خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هاوکات دوو چالاوانی کوردی خەڵکی مەریوانیش بە ناوەکانی چالاک پیرووزی (خەڵکی گوندی سەردۆش) و کاوە داستان (خەڵکی گوندی نێ) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
هەر لەم ڕۆژەدا دوو منداڵ بە ناوەکانی محەممەد قادری (خەڵکی گوندی سەردۆش) و کەیهان تەدبیری (خەڵکی گوندی نێ) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی محەممەد نیکپەی دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کراون.
پێشتر و لە ڕۆژی هەینی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا (٢١ی مارسی ٢٠٢٥) تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان، لەگەڵ براکەیدا، بیلال دادڕەس، لە شوێنی کارەکەیاندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی نێی مەریوان بە ناوەکانی محەممەد نیکپەی، ئارام نیکپەی و محەممەد ئەشتەک دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.
هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتیانە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارەکانی مەریوان و سەقزدا. تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.