باران ساعیدی و لەیلا پاشایی، دوو ژنەچالاکی کورد کە دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە شاری سنەدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو ژنەچالاکە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ سەبارەت بە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس خرانە بەر گوشارەوە و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون.
هەروەها بەرپرسانی دەستبەسەرگە بە بیانووی مانگی ڕەمەزانەوە، ڕۆژانە تەنها دوو جار لە کاتی پارشێو و بەربانگدا ئاو و خواردنیان بۆ دابین کردوون. باران ساعیدی کە چەندین نەخۆشیی قورسی لەگەڵە، لە سەرەتاڕۆژانی دەستبەسەربووندا لە وەرگرتنی دەواودەرمانیش بێبەش کرابوو.
ئەم دوو ژنە چالاکوانە دوای ١٠ ڕۆژ گوازرانەوە بۆ بوشی قەرەنتینەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) و ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٥ی مارسی ٢٠٢٥) بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران. دەوترێت تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتیانە کراوەتەوە.
پێشتر دوو ژنەچالاکی دیکەیش بە ناوەکانی سوهەیلا مەتاعی و سۆما محەممەدڕەزایی کە هاوکات لەگەڵ ئەم دوو چالاکوانەدا دەستبەسەر کرابوون، لە کۆتاڕۆژەکانی ڕەشەمەدا (مارس) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوون.
سۆما محەممەدڕەزایی و باران ساعیدی ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٩ی مارسی ٢٠٢٥) و لەیلا پاشایی و سوهەیلا مەتاعییش ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمە (١٠ی مارس) بە ڕیز لە شارەکانی سنە و دێولان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون. ئەم ژنەچالاکانە بە هۆی بەڕێوەبردن و بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژناندا لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوون.
باران ساعیدی، لەیلا پاشایی و سوهەیلا مەتاعی پێشتریش لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) دەستبەسەر کرابوون.