لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد بە بۆنەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزەوە، لەم ڕۆژانەی دواییدا لانیکەم ١١ کەسی دیکە بە ناوەکانی شنۆ محەممەدی، زاهید شەهابی، دوکتور بێهزاد دافیعی، کاروان دافیعی، ساحێب (ئاریڤان) شاکری، شیروان حەیدەری، ئیدریس حەیدەری، سیروان حاتەمی، مەحموود نادری، کەیوان مینوویی و ئەسعەد باباکەرەمی لە شارەکانی سنە، مەریوان و سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەتەنها لە چەند ڕۆژی سەرەتای ساڵی ١٤٠٤دا لانیکەم ٢١ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنیی کورد بە بۆنەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر خانەقای  «ڕێگای ئازادی» لە شاری سەقز و وێڕای بێرێزیکردن بە خەڵکی ناو خانەقاکە، شێخ زاهید شەهابییان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

پێش لەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوە (٢٣ی مارس)، شنۆ محەممەدی و هاوسەرەکەی ساحیب (ئاریڤان) شاکری، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی «حاجی ئاوا»ی ئەم شارە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەمان ڕۆژ سێ هاووڵاتیی دیکەیش بە ناوەکانی سیروان حاتەمی، شیروان حەیدەری و ئیدریس حەیدەری، خەڵکی گوندی «ئەوێهەنگ»ی سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە، دەستبەسەر کران.

هاوکات لە مەریوانیش کەیوان مینوویی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، دوکتور بێهزاد دافیعی، پزیشک و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لەگەڵ کاروان دافیعیی برایدا کە ئەویش چالاکی مەدەنییە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوەیش (٢٢ی مارس) مەحموود نادری، خاڵکی گوندی «دانەی کەمانگەر»ی سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە، تەنها دوو حەفتە دوای ئازادکردن جارێکی تر دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە دەستبەسەر کرا، هەمان ڕۆژ ئەسعەد باباکەرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنەیش بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

سەرەڕای هەموو هەڕەشە، بانگهێشتکردن و گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتیان و چالاکانی مەدەنی، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ١٤٠٤ (٢٠٢٥) لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا بە ئامادەبوون و بەشداریی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە چوو و تا ئێستایش لە هەندێ شار و ناوچەی دیکەدا هەر بەڕێوە دەچێت.

محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی سنە، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٥) لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا ڕایگەیاندبوو کە ٧ کەس بە هۆی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزەوە لە پارێزگای کوردستاندا دەستبەسەر کراون: «دەزگای دادوەریی پارێزگای کوردستان لە سەرەتای ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٣دا (کۆتایی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی پلانێکی ورد دەستی دایە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو کەسانەی لەژێر ناوی جێژنی نەورۆزدا کار بۆ ڕێکخستنی خەڵک و بەکارهێنانی دەرفەتەکانی ئەم جێژنانە بۆ بانگەشەی دژ بە حکومەت، شکاندنی سنوورەکان و سووکایەتیکردن دەکەن. هەر لەم پێناوەیشدا بە فەرمانی سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری) و هەوڵی داواکاریی گشتیی پارێزگا، لیدەرەکان و بکەرە سەرەکییەکانی ئەم بابەتە دۆزرانەوە و بەو هەوڵە جیدییەوە کە خراوەتە گەڕ، ژمارەیەک لە لیدەرە سەرەکییەکان دۆزراونەتەوە و نزیکەی حەوت کەسیش دەستگیر کراون».