لەم ڕۆژانەی دواییدا حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی نازەنین ئەلیاسی، شوانە (عوسمان) جیهانیفەر، ڕەحمان دانا، یووسف قاڵ، عەبدوڵڵا هۆشمەند، زانیار سەیدئەحمەدی و هاوڕێ قوە بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی ورمێ و مەهاباد ئازاد کراون.

هاوکات شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی قادر خەرامانفەر، سالار شەمس بورهان، جەلال سەدەفی، عەلی مەعرووفی، ئارام مەبزوولە و عەبدوڵڵا قوە هێشتا لە زیندانی مەهاباد لە دۆخی دەستبەسەریدا ڕاگیراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٠ی ئاوریلی ٢٠٢٥) نازەنین ئەلیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە و شەش هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی مەهابادەوە بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ئازاد کراون.

نازەنین ئەلیاسی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٦ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو. هاوڕێ قوە و عەبدوڵڵا هۆشمەندیش ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە جادەی مەهاباد بۆ پیرانشار لە ئۆتۆمبیلێکی پرایددا لە لایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.

ڕەحمان دانا و شوانه جیهانیفەریش ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوابەدوای هێرشکردنی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان لە شاری مەهاباد بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرابوون.

هەروەها ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە گوندی «بەیروم» هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکانی ٣ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە ناوەکانی زانیار سەیدئەحمەدی، ئارام مەبزووله و یووسف قاڵ و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتیانەیان دەستبەسەر کردبوو.

ئەم هاووڵاتیانە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و بۆ ماوەی چەندین حەفتە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە بەر گوشار و ئەشکەنجەی قورسی دەروونی و جەستەییەوە.

شەش هاووڵاتیی دیکەیش بە ناوەکانی قادر خەرامانفەر، سالار شەمس‌بورهان، جەلال سەدەفی، عەلی مەعرووفی، ئارام مەبزووله و عەبدوڵڵا قوە کە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، دوای چەندین حەفتە لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کراون. بڕیاری بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بۆ عەبدوڵڵا قوە و ئارام مەبزوولە دەر کراوە، بەڵام ئەوانی دیکە هەر بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زینداندا ڕاگیراون.

ئەم ١٣ هاووڵاتییە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.