سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی عەلی فەزا دۆستیانی، پەیمان نادری و کەریم ئیسماعیلی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو، لە زیندانە ناوەندییەکانی کەرەج و بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٥ی ئاوریلی ٢٠٢٥) سزای لەسێدارەدانی عەلی فەزا دۆستیانی لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوەی خەڵکی کرماشان نزیکەی ٦ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو.
هاوکات سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی پەیمان نادری، خەڵکی کرماشان و کەریم ئیسماعیلی، خەڵکی شاباد، لە زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.
پەیمان نادری و کەریم ئیسماعیلی بە ڕیز نزیکەی ٢ ساڵ و ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووبوو.
