سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی دستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٥ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکران لە لایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە بانگهێشت کرابوو و ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی ئەو بەشە ڕەوانەی زیندانی سنە کراوە.
ئەم چالاکوانە کوردە پێشتر لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دوای تانەدان لە بڕیارەکەی و پێشکەشکردنی داوای پیاچوونەوە، لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا ئەو سزایە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.
سروە پوورمحەممەدی ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هەندێ لە ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجومەنی نۆژین سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١٣ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.