مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی مزگەوتی جامیعەی «چواریاری نەبی»ی شاری سنە و وانەبێژی قوتابخانەکانی زانستە ئایینییەکان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم مامۆستا ئایینییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بانگهێشتنامەیەکی لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە پێ گەیشتبوو و دوای سەردانکردنی ئەو دادگایە لە ڕۆژی دووشەممە ١ی گوڵاندا (٢١ی ئاوریل) دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
مامۆستا لوقمان ئەمینی ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە جادەی سنە بۆ مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ (٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم مامۆستا ئایینییە دوای ماوەیەک لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە بە کۆمەڵەتۆمەتێکی وەک «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەنانەوە» و «هەڵگرتنی چەکی دەمانچە» سزای ١٠ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیل، داماڵینی هەتاهەتایی جلوبەرگی مامۆستایەتی و قەدەغەکردنی هەتاهەتایی وتاردانی بەسەردا سەپا.