مامۆستا ئایەت غوڵامی، بەرنوێژی پێشووی مزگەوتی «موحەممەدولموستەفا»ی کرماشان و وانەبێژی قوتابخانەکانی زانستە ئایینییەکان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی کرماشان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هاوکات مامۆستا سابیر خودامورادی، بەرنوێژی گەڕەکی «قەوەخ»ی سەقز، لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە سزای ٢٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٣ی ئاوریلی ٢٠٢٥) مامۆستا ئایەت غوڵامی دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی کرماشان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم مامۆستا ئایینییە پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا (٨ی جولایی ٢٠٢٤) بانگهێشتی بەردەم بەشی پاراستنی کاروباری مامۆستا ئایینییەکانی کرماشان کرابوو و لەوێ خرابووە بەر لێپرسینەوە. هاوکات بە دەستووری ئەم دەزگایە مامۆستایەتی و بەرنوێژی و هەرجۆرە چالاکییەکی لەم مزگەوتەدا لێ قەدەغە کرابوو. هەروەها لە دوو ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی واژۆکردنی کۆمەڵە بەیاننامەیەکەوە سەبارەت بە شەرمەزارکردنی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد، کوشتنی کۆڵبەران و فرۆشیارانی سووتەمەنی و… لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکان و لە ڕێی تەلەفەۆنەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.
لە درێژەی شەپۆلی نوێی گوشارەکاندا بۆ سەر مامۆستایانی سوننەی کوردستان، هاوکات مامۆستا سابیر خودامورادیی بەرنوێژی گەڕەکی «قەوەخ»ی سەقزیش لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە سزای ٢٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم مامۆستا ئایینییە پێشتریش، لە پووشپەڕی ١٤٠٣دا (جولایی ٢٠٢٤)، لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٥ مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپابوو. مامۆستا خودامورادی هەروەها لە گوڵانی ١٤٠٢یشدا (مەیی ٢٠٢٣) لەبەر پیشتیوانیکردن لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان کرابوو و بە تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٧٤ قامچی و ٧ مانگ و نیو بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٣ ساڵی بەسەردا سەپابوو.
شەپۆلی نوێی گوشارەکان بۆ سەر مامۆستایانی ئایینیی کوردستان چەند ڕۆژێکە دەستی پێ کردووە و ڕۆژی دووشەممە ١ی گوڵان (٢١ی ئاوریل) مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی مزگەوتی جامیعەی «چواریاری نەبی»ی شاری سنە و وانەبێژی قوتابخانەکانی زانستە ئایینییەکانیش دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.