حەسەن ئەحمەدی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی ماکۆ، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هونەرمەندە کوردە و دوای پشکنینی ماڵەکە دەستبەسەریان کردووە.
سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی حەسەن ئەحمەدی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ئەم هونەرمەندە کوردە، تا ئێستا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
شایانی باسە پێشتریش ساریا و ئەڤین ئەحمەدی، برازاکانی حەسەن ئەحمەدی، هەروەها ڕۆژبین ئەفسوونی خوشکەزای، بە هۆی بەشداریکردنیانەوە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ورمێدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دوای ماوەیەک لە زیندان ئازاد کرابوون.