هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد لانیکەم دوو هاووڵاتییان بە ناوەکانی عەلی دانشی و سامرەند وجوودی دەستبەسەر کرد و دەیان هاووڵاتیی دیکەیشیان بۆ بنکەی هەواڵگریی ئەم دەزگا ئەمنییە بانگهێشت کرد. ئەم دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنانە دوای ئەوە ڕووی داوە کە لە ڕێوڕەسمێکی شایی لە شاری بۆکاندا زۆربەی میوانەکان جلوبەرگی کوردیی خاکیڕەنگیان لەبەر کردبوو.

دەوترێت هۆکاری ئەم هەڵسوکەوتەی دامودەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم جۆرە جلوبەرگە لە جلوبەرگی فۆرمی پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستان دەچێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ١٩ی گوڵانی ١٤٠٤ (٩ی مەیی ٢٠٢٥) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بەبێ مۆڵەتی یاسایی دوو هاووڵاتییان بە ناوەکانی عەلی دانشی و سامرەند وجوودی دەستبەسەر کردووە.

هاوکات هێزە ئەمنییەکان لە یەکەم ساتەکانی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی لوقمان سالک و کاوە سالک و دوای پشکنینی ماڵەکان دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلیی کەسیی ئەم هاووڵاتیانەدا، لەوانە جلوبەرگە کوردییەکانیان، مۆبایلەکانیان، بەڵگەنامەکانی باری کەسێتییان، کارتە بانکییەکانیان و….

هەروەها دەیان هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان لەڕێی تەلەفۆنەوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کراون.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٣ی گوڵانی ١٤٠٤دا (٣ی مەیی ٢٠٢٥) ئیبراهیم مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و باوکی بووک، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٢٤ کاتژمێر بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

تا ئێستا لەسەر چارەنووس و تۆمەتەکانی سەر ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.