محەممەد هۆشمەند، چالاکی مەدەنی و گوندەوانی پێشووی گوندی «دەرەتفێ»ی مەریوان، هەروەها ئارمین خودامورادی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٧ی مەیی ٢٠٢٥) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی محەممەد هۆشمەند لە گوندی «دەرەتفێ»ی مەریوان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم چالاکە مەدەنییە لە ساڵانی پێشوویشدا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٦ی مەیی ٢٠٢٥) ئارمین خودامورادی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.