عەزیم یادگاری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دێلوڕان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، ڕۆژی ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٤ی مەیی ٢٠٢٥) لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٠ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا.

هەروەها وەهاب خەدیریپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە، دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، وەهاب خەدیریپوور لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (ئاپریلی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیاری دادگا و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٨ مانگ بەندکران.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٩ی مەیی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندان کرا.

وەهاب خەدیریپوور ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوورە کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە مەهاباد گیانی بەخت کرد. هەروەها برایەکیشی بە ناوی سوهراب خەدیریپوور کە ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو، ساڵی ١٤٠٠ (٢٠٢١) لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێراندا گیانی بەخت کرد.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو و ڕۆژی ١ی ڕەشەمە (١٩ی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

عەزیم یادگارییش کە ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١٤ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەی لە دێلوڕانی ئیلام و لەگەڵ سەفوورا مەلەکیی هاوسەریدا دەستبەسەر کرابوو، دوای ماوەیەک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٠ی ئاپریلی ٢٠٢٣) ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ سێ هاووڵاتیی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی حسەین باپیروەند، فەرشاد ئایینی و سەعدوڵڵا ئایینی، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی دەستبەسەربوونی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرت.

دوای گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خەڵکی دێلوڕان لە ڕێکەوتی ٥ی گوڵانی ١٤٠٢ (٢٥ی ئاپریلی ٢٠٢٣) لە بەردەم بینای قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارەدا، عەزیم یادگاری بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لە بەفرانباری ١٤٠٢ (دیسامبەری ٢٠٢٣) و لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی تردا کە پێوەندیی بە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یەوە بوو، عەزیم یادگاری بە هەندێ تۆمەتی وەک «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات» بە گشتی سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.