بەفرین مەعرووفی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٥ی مەیی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.
بەفرین مەعرووفی ڕۆژی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
بەفرین مەعرووفی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سزای ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.