سمکۆ یووسفی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٦ی مەیی ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە لە گەڕەکی «میرئاوا»ی شاری بۆکان و  ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەکان هاوکات بێڕێزییەکی زۆریان بە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە کردووە و کۆمەڵێک کەلوپەلی کەسییان، لەوانە مۆبایلەکانیان، دەستی بەسەردا گیراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سمکۆ یووسفی لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەک مامۆستای زمانی کوردی لە فێرگەی «ئەدەب»ی شارەکانی بۆکان و میاندواو چالاک بووە.