لەسەر چارەنووسی شەهاب دارابی، شۆفێری بارهەڵگر و بلاگەری خەڵکی شابادی کرماشان (ئیسلامئابادی ڕۆژئاوا) کە ڕۆژی ڕابردوو ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٧ی مەیی ٢٠٢٥) بە هۆی بەشداریکردنیەوە لە مانگرتنی خاوەن بارهەڵگرەکان و پشتیوانیکردن لەم مانگرتنە دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٧ی مەیی ٢٠٢٥) دەیان کەسی چەکداری جلوبەرگ مەدەنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم بلاگەرە کوردە لە شاری شابادی کرماشان و بە شێوەیەکی توندوتیژ و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.
ئەم بلاگەرە پێش دەستبەرکران گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە لاپەڕە تازەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا بڵاو کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی پشتیوانیکردنیەوە لە مانگرتنی بارهەڵگرەکان، هەردوو لاپەڕە ئینستاگرامییەکەی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە داخراوە. تا ئەم ساتە لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
شاهاب دارابی کە بە «یووزی ئاسیا» ناسراوە، پێشتریش لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (مارسی ٢٠٢٤) بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێکەوە سەبارەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لاپەڕەی ئیستاگرامەکەیشی داخرابوو.