مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی مزگەوتی جامیعەی «چواریاری نەبی»ی شاری سنە و وانەبێژی قوتابخانەکانی زانستە ئایینییەکان کە سەرەتای گوڵانی ئەمساڵ (کۆتایی ئاپریلی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، مامۆستا لوقمان ئەمینی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە. ئەم مامۆستا ئایینییە ڕۆژی ١ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢١ی ئاپریلی ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە. دادگاکە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان»ی ڕووبەڕوو کردووەتەوە.

مامۆستا لوقمان ئەمینی پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە جادەی سنە بۆ مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ (٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە دوای ماوەیەک لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە بە کۆمەڵەتۆمەتێکی وەک «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەنانەوە» و «هەڵگرتنی چەکی دەمانچە» سزای ١٠ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیل، داماڵینی هەتاهەتایی جلوبەرگی مامۆستایەتی و قەدەغەکردنی هەتاهەتایی وتاردانی بەسەردا سەپا.