دوای تێپەڕینی ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی چالاکی سیاسیی کورد سامان کەریمی و هاوسەرەکەی فەرزانە ڕەشیدی لە شاری بانە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سامان کەریمی ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٦ی مەیی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی بانە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا، هاوکاتیش هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی هەر لەم شارەدا و دوای پشکنینی ماڵەکە و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی بنەماڵەکەدا، فەرزانە ڕەشیدیی هاوسەریشیان دەستبەسەر کرد.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان، بەڵام دامودزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستا ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەکیان پێ بدەن.
سامان کەریمی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٧دا (٨ی نۆڤامبەری ٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە. ئەم چالاکە کوردە نزیکەی ٣ مانگ لەم دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و دواتر ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢١ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٢ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا بەڕێوە چوو و ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵ (٤ی دیسامبەری ٢٠١٩) سزای لەسێدارەدان و ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
دوای ئەوەی پارێزەرەکەی تانەی لە بڕیارەکە دا، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لقی ٢٧ی ئەم دیوانە لە شاری قوم بە هۆی کەموکورتیی فراوانی ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دادوەری لە دۆسیەکە، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی گەڕاندەوە بۆ دادگای یەکەم.
سامان کەریمی لە ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩دا (٤ی مارسی ٢٠٢١) بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دواجار و لە پووشپەڕی ١٤٠٠دا (جولایی ٢٠٢١) بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای ٤ ساڵ و ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دوای جێبەجێکردنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی و کۆکردنەوەی سزاکان، گەورەترین سزاکە، واتە ٤ ساڵ بەندکران، چووە بواری جێبەجێکردنەوە و دوای ئەژمارکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەکەی پێشووی، لە زیندان ئازاد کرا.