کەریم ئەسغەری، زیندانیی سیاسیی پێشوو و هاوسەری خوشکی وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٨ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارۆچکەی شوێشەی سەر بە سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانەکەی کەریم ئەسغەری لە شارۆچکەی شوێشەی سنەدا و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەریان کردووە. دوای ئەوەی مێهرانە مورادیی خوشکی وریشە سەردانی دووکانەکە دەکات، هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەی دەستبەسەرکردن لەویش دەکەن. لە کاتی دەستبەسەرکردنی وریشە مورادییەوە ئەندامانی بنەماڵەکەی چەندین جار بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکانی سنە و تاران کراون.
کەریم ئەسغەری و مێهرانە مورادی پێشتریش لە پاییزی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و دوای چەند مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
وریشە مورادی، ژنەچالاکوانی خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە کاتی گەڕانەوە لە کرماشان، لە دەروازەی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە دەسڕێژ و تەندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ١٣ ڕۆژی مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر گوشار و هەڕەشەوە. دواجار و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) پاش ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
وریشە مورادی لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.