فواد مورادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «کێلەکەوو»ی دیواندەرە، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بە تەلەفۆن بانگهێشت کرابوو بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە و ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی ئەو ناوەندە ئەمنییە دەستبەسەر کراوە.
فواد مورادی پێشتریش جارێکی تر لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣دا (٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای مانگێک بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.