نۆ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی پووریا نەسیری، سرووش یووسفزاده، ئومێد ڕهش، شاهۆ مەحموودی، سۆران سەفەری، کەیوان مامەگلی، ئەسعەد ڕەسوولزاده و نوورەدین دوودکانلووی میلان لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢١ی ژوەنی ٢٠٢٥) سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «کۆسەکەرێز»ی مەهاباد بە ناوەکانی نوورەدین دوودکانلووی میلان، ئومێد ڕهش و ئەسعەد ڕەسوولزاده لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران. هاوکات شاهۆ مەحموودی لە گوندی «گۆگتەپە» و سۆران سەفەرییش لە شاری مەهاباد هەر لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کران.
پێش لەوانیش لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا (١٩ی ژوەنی ٢٠٢٥) پووریا نەسیری، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئازادی مەهاباد کە لە ڕابردوویشدا پێشینەی دەستبەسەرکردنی بووە، لە شەقامێکی شاری مەهاباددا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. هەمان ڕۆژ دوو هاووڵاتیی دیکەیش بە ناوەکانی سرووش یووسفزاده و کەیوان مامەگلی هەر لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان، بەڵام دامودزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستا ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنیان بەو بنەماڵانە بدەن.