بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە بە دەستمان گەیشتووە، لە یازدەهەم ڕۆژی هێرشی ئیسراییلدا بۆ سەر ئێران و دەسپێکردنی شەڕێکی بێوێنە لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئیسراییل و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کەشێکی ئەمنیی توند باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە و  بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد درێژەی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی بەسیج و سوپای پاسداران لە ڕێگای دانانی خاڵی پشکنینەوە لە دەروازەی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوەی شارەکانی کوردستاندا و پشکنینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان، ژمارەیەک هاووڵاتیان دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەوە بۆ هەندێ شوێنی نادیار.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسراییلدا بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکان، سوپای پاسداران و پۆلیس لە هەندێ شار و گوندی کوردستاندا بنکە و سەربازگەکانی خۆیان چۆڵ کردووە و هێزەکانیان گواستووەتەوە بۆ ناو ئیدارە دەوڵەتییەکان.

هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە، هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناو شارەکاندا بڵاوەیان پێ کراوە. ئەو هێزانە لە پارێزگاکانی ترەوە گوازراونەتەوە بۆ کوردستان و بەبێ نیشاندانی هیچ مۆڵەتێکی یاسایی گومانیان لە هەر هاووڵاتییەک هەبێت دەسبەجێ دەستبەسەری دەکەن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کوردی دانیشتووی دەرەوەی ئێران. ئەم دامودەزگا ئەمنیانە هەوڵیان داوە بە گوشار و هەڕەشە ناچاریان بکەن داوای وازهێنان لە هەرجۆرە چالاکییەک لە خزمانی دەرەوەی ئێران وڵاتیان بکەن.

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٥) سەعدوون غەزاڵی، هاووڵاتیی ٦٠ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکەیش بە ناوەکانی خالید بەکری و محەممەد بەکری، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی خەڵکی مەهاباد، هەر لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) ڕەحمان حسەینی (دلاوەران) و ئەحمەد مام شەریفی لە ماڵەکانی خۆیان لە پیرانشار و ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردانیش (١٩ی ژوەن) ئیسماعیل ئیسماعیلپوور لە بۆکان، ئاریان مەشایخی و سادق مەحموودنژاد، لە بریندارانی چاوی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە پیرانشار و دوو برا بە ناوەکانی ئیدریس ڕەسوولی و کامران ڕەسوولی لە شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هوەروەها عەلی محەممەدی، باوکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی چاوی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان (١٨ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراون و تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نەکەوتووە.