کیانووش چراغی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی دێلوڕان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، هەروەها سلێمان قادر گەڵوان، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شنۆ، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم دوو شارەدا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیلام و ورمێ.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٥) کیانووش چراغی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی دێلوڕان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ئیلام.
دەوترێت بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ١٠ ڕۆژە بۆ ئەم هاووڵاتییە دەر کراوە.
هەروەها سلێمان قادر گەڵوان، برای عەبدولسەلام قادر گەڵوان، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شاری شنۆ، ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٣ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
عەبدولسەلام قادر گەڵوان، ٣٢ ساڵان، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شنۆدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوو و ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبەر) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی بەخت کرد.
کیانووش چراغی، فەرمانبەری پێشووی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی دێلوڕان، لە مەودای نێوان ٥ و ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا (٢٧ی سێپتامبەر تا ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دوو جار بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسییەوە لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لە ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر (٧ی ئۆکتۆبەر) بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە لە دێلوڕان بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا سەلاحەدینی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. هەروەها ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ لە ڕێگای سیستەمە کۆمپیتەرییەکانەوە» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی دێلوڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حسەین پەناهی سزای ٢ ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپا.
کیانووش چراغی ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی دێلوڕان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا. دواجار لە ڕێکەوتی ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٤دا (١٢ی مەیی ٢٠٢٤) پاش هەڵپەساردنی سزاکەی لە زیندانی دەڕەشاری ئیلام ئازاد کرا.