لەسەر چارەنووسی میلاد و هادی ڕەحیمی، دوو برای خەڵکی سەقز کە ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٩ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن) لە گەڕەکی فەخری ڕازیی شاری سەقز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی میلاد ڕەحیمیی ٢٢ ساڵان و هادی ڕەحیمیی ٣٣ ساڵان و هەردووکیان بە شێوەیەکی توندوتیژ و بە لێدان دەستبەسەر کراون.
دەوترێت دایکی ئەم دوو هاووڵاتییە کە کێشەی بینایی هەیە، بە هۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانەوە جەڵدەی دڵی کردووە و لە نەخۆشخانەی شەفای ئەم شارە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
دوای ئەوەیش کە بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز و سنەیان کردووە، پێیان ڕاگەیەنراوە کە گوازراونەتەوە بۆ تاران، بەڵام بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران ئەم شتەی ڕەت کردووەتەوە.
لە دوو حەفتەی ڕابردوودا و دوابەدوای هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستی پێ کردووە و تا ئێستایش درێژەی هەیە.