لە کاتی هێرشی ئیسراییلەوە بۆ سەر ئێران و تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکەیش و تاکوو ئێستا، دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی سەرکوتیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەست پێ کردووە. هێزەکانی بەسیج و سوپای پاسداران و یەکەی پۆلیسی فریاکەوتن لە ڕێگای دانانی خاڵی پشکنینەوە لە دەروازەی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوەی شارەکانی کوردستاندا و سووڕانەوە بە ناو شەقامە سەرەکییەکاندا، کەشێکی پڕ لە ترساندن و تۆقاندنیان زاڵ کردووە. هاوکات ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و چالاکانی کوردستانیش لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشت و هەڕەشە بوونەتەوە.

لە درێژەی ئەم شەپۆلی سەرکوتکردنەدا، چواردە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕێبوار موستەفازاده، خالید بایزیدی، ئەنوەر بایزیدی، جەلال خودامورادی، بێهروز یەزدانپەنا، زاهید حەجەری، ڕەحمان مام‌ئیسماعیل، ناسر ئەلیاسی، سامان سەیدمەحموودیان، سامان کاکەمەمی، ڕەحمان خاڵخانی، ئەمین باشۆکی، کاوه قادری و فەرهاد کەریمی، لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، مەهاباد، سنە، نەغەدە و سەقز بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٧ی ژوەنی ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکی حەسەنئاوای شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی جەلال خودامورادی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەم شارە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەم چالاکوانە کوردەیان دەستبەسەر کردووە.

هاوکات ڕەحمان مام‌ئیسماعیل، خەڵکی گوندی «قزڵجە»ی مەهابادیش لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە.

پێشتر و لە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا (٢٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) سامان سەیدمەحموودیان و سامان کاکەمەمی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها ڕۆژی ٣ی پووشپەڕیش (٢٤ی ژوەن) چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی فەرهاد کەریمی، ئەمین باشۆکی، کاوه قادری و ڕەحمان خاڵخانی دەستبەسەر کرابوون.

ڕۆژی ٢ی پووشپەڕ (٢٣ی ژوەن) ڕێبوار موستەفازادە، ڕاهێنەری تۆپی پێی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا.

هەروەها ناسر ئەلیاسی، خەڵکی گوندی «بەیتاس»ی مەهاباد، ڕۆژی ١ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوەن)، زاهید حەجەری، خەڵکی سەقز، ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن)، ئەنوەر بایزیدی و بێهرووز یەزدانپەنا، خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن) و خالید بایزیدیی خەڵکی شنۆیش ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان (١٨ی ژوەن) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتووە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شارەکانی ورمێ و سنە.