لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، لانیکەم چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی سمکۆ مەعرووفی، ئەنوەر ئیبراهیمزادە، ئاوات عەلیپوور و هەژار عەبدوڵڵاپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١ی جولایی ٢٠٢٥) ئاوات عەلیپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «شێخلەر»ی بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەمان ڕۆژ هاووڵاتییەکی تریش بە ناوی ئیبراهیم عەلیزادە هەر لە لایەن ئەو هێزانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٣٠ی ژوەن) لە شاری بۆکاندا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سمکۆمەعرووفی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی ژینگەپارێز و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد.
لە لایەکی ترەوە، دوای تێپەڕینی دوو حەفتە لە دەستبەسەرکردنی هەژار (ئەمیر) عەبدوڵڵاپوور لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە بەردەست نەکەوتووە. هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٨ی ژوەن) لە گەڕەکی عەشایەری بۆکاندا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هەژار عەبدوڵڵاپوور و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کرد و گواستیانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە کاتی هێرشی ئیسراییلەوە بۆ سەر ئێران تاکوو ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراون.