مووسا ئومیدی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئیلام، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢ی جولایی ٢٠٢٥) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە لە شاری ئیلامدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.
هێزە ئەمنییەکان هاوکات دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی کەسیی ئەم چالاکوانە کوردەدا، لەوانە مۆبایل و لەبتاب و کتێبەکانی.
مووسا ئومیدی لە چالاکە مەدەنییە ناسراوەکانی خەڵکی ئیلامە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.