ئیسماعیل سانیار، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢ی جولایی ٢٠٢٥) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە و دەستبەسەریان کردووە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئیسماعیل سانیار پێشتریش چەند جارێک دەستبەسەر کراوە و سزای بەسەردا سەپاوە؛ ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤ (١٣ی دیسامبەری ٢٠١٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی مانگێک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا لەسەر ناردنی هەواڵ بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنە بیانییەکان خرایە بەر لێپرسینەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ (٦ی مارسی ٢٠١٦) لە لقی ١٠١ی دادگای گشتیی بۆکان بەڕێوە چوو و دوای چەند ڕۆژێک دادگا بڕیاری ئەستۆپاکی لە هەموو تۆمەتەکانی بۆ دەر کرد.

پاش دەرچوونی بڕیاری ئەستۆپاکی، داواکاری گشتیی بۆکان تانەی لە بڕیارەکە دا و هەر بۆیە دۆسیەکە بە مەبەستی پیاچوونەوە نێردرایە بەردەم لقی ١٠ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ. لە سەرماوەزی ١٣٩٥دا (دیسامبەری ٢٠١٦) دوای بەڕێوەچوونی دوو دانیشتنی دادگا، عەلیار خەلیلزادە و محەممەدحسەین ڕەزایی، دادوەرانی دادگاکە، بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٣ ساڵ بەندکرانیان بەسەر ئەم چالاکە مەدەنییەدا سەپاند.

ئیسماعیل سانیار لە ساڵی ١٣٩٨دا (٢٠١٩) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (مارسی ٢٠٢٠) پاش ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتیی دەزگای دادوەری لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێش لەوەیش لە ساڵی ١٣٨٥دا (٢٠٠٦) بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.