ئایهان ئیبراهیمی، دەرچووی بەشی پەرستاریی زانکۆ و خەڵکی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١ی جولایی ٢٠٢٥) لە شاری ورمێ و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران دەستبەسەر کرا و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.
ئایهان ئیبراهیمی ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٨ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە ماڵەکەی خۆی لە ورمێ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.
ئەم هاووڵاتییە دوای ١٠ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و پاشان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئایهان ئیبراهیمی لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دوای تانەدان لە بڕیارەکەی دادگا و پەسەندکردنی لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگادا، داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پێشکەش کرد و هەر بۆیە دۆسیەکە ڕەوانەی لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران کرا. ئەم لقەی دیوانی باڵا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکە نێردرا بۆ لقی هاوتەریبی دادگای یەکەم.
لەم قۆناغەیشدا دیسان هەر بە هەمان ئەو تۆمەتە لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی دادگایی کرا و ئەم جارە سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.