سەرەڕای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک لە دەستبەسەرکردنی، مەلەک فەرەجبەیگی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە بۆکان دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی هەمان ئەو ڕۆژە نزیک بە ٢٠ کەس لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مەلەک فەرەجبەیگی و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکە، ئەم چالاکە مەدەنییەیان دەستبەسەر کرد.

دەوترێت مەلەک فەرەجبەیگی دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستە لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

مەلەک فەرەجبەیگی پێشتر لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزەکانی «وڵات» و «ژینگەپارێزانی بۆکان» و هەروەها لە ئەنجومەنی ئەدەبیی ئەم شارەدا چالاک بووە.

ڕۆژێک پێش لەمەیش، واتە ڕۆژی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٣٠ی ژوەنی ٢٠٢٥) ژینگەپارێزێکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی سمکۆ مەعرووفی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەویش بەردەست نەکەوتووە.