ناسر زوموڕودی، هاووڵاتیی ٣٨ ساڵانی خەڵکی ئیلام، دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٤ی جولایی ٢٠٢٥) ئەم هاووڵاتییە کوردە سەرەتا بانگهێشت کراوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، پاشان هەر لەوێ دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

ناسر زوموڕودی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٧ی جولایی ٢٠٢٥) براوەتە بەردەم لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام و تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەنراوە. بەپێی ڕاگەیاندنی لێپرسەوە، ئەم هاووڵاتییە تۆمەتبار کراوە بە «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر».

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.