لەسەر چارەنووسی شەش هاووڵاتی بە ناوەکانی حەسەن شاداب، کاوە خاکینەهاد، مەحموود قادری، مەنسوور فەڕاش، جەمال حسەیننژاد و شوانە شێربەیگی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٩ی جولایی ٢٠٢٥) دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سەرگێز»ی شنۆ بە ناوەکانی مەحموود قادری و مەنسوور فەڕاش لە ماڵەکانی خۆیاندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکات کاوە خاکینەهادیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕیش (٧ی جولایی ٢٠٢٥) دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی جەمال حسەیننژاد، خەڵکی گوندی «سەرگێز» و حەسەن شاداب، خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

هاوکات و هەمان ڕۆژ هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکانیش بە ناوی شوانە شێربەیگی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٩٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگە ناوەندییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ ڕاگیراون و دەستبەسەرن.