لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، لانیکەم شەش کەس بە ناوەکانی ئەیوب شەقاقی، سەلاح بەهامین، عەزیز خزری، زانیار خزری، مەنسوور ڕەحیمی و کامران ڕەواز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و بۆکان دەستبەسەر کران.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٢ی جولایی ٢٠٢٥) ئەیوب شەقاقی، خوێندکاری بەشی دەرمانسازی، لە خاڵی پشکنینی سوپای پاسداران لە دەروازەی چوونەدەرەوەی شاری بۆکاندا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدا کە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەیدا بە ئۆتۆمبێل بە جادەکەدا دەپەڕییەوە، لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕێگەی لێ گیرا و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی دەستبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤یش (١١ی جولایی ٢٠٢٥) سەلاح بەهامین و کامران ڕەواز لە ناو شاری مەهاباد و مەنسوور ڕەحیمی لە گوندی «خوڕخوڕە»ی ئەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕیش (١٠ی جولای) عەزیز خزری لەگەڵ زانیار خزریی کوڕیدا لە پیرانشار دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکات دەیان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات یان نووسینگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگە ناوەندییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ ڕاگیراون و دەستبەسەرن.