لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، لانیکەم شەش کەسی دیکە بە ناوەکانی سەجاد حائیری، محەممەد ئەڵڵاڕەزایی، ئیسماعیل چووکەلی، فریا چاوشینی، زانیار محەممەدنژاد و زوبەیر مەحموودی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی دەماوەند، بۆکان، دێولان، پیرانشار و کامێران دەستبەسەر کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٢ی جولایی ٢٠٢٥) سەجاد حائیری، نووسەری کورد و برای زیندانیی سیاسی ئەحمەدڕەزا حائیری، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری دەماوەندی پارێزگای تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەمان ڕۆژ محەممەد ئەڵڵاڕەزایی لە دێولان، ئیسماعیل چووکەلی لە بۆکان و فریا چاوشینی لە گوندی «داشبەند»ی بۆکان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها زانیار محەممەدنژاد، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە تاران، هەمان ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کامێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەری ١٤٠٤یشدا (١١ی جولایی ٢٠٢٥) زوبەیر مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لە کاتی هێرشی ئیسراییل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٦ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.
هاوکات دەیان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامانی بنەماڵەی چالاکوانانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش بانگهێشتی بەردەم بنکە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات یان نووسینگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
ئەگەرچی کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دەڵێن ژمارەیەک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەری دەخەن کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری یاسایی، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و تاران ڕاگیراون و دەستبەسەرن.