چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «ئارەنان»ی سنە بە ناوەکانی دیار ئەحمەدی، عەلی ئەحمەدی، ئەیوب ئەحمەدی و عابید ئەحمەدی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٤ی جولایی ٢٠٢٥) دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانی ئەم هاووڵاتیانە لە گوندی «ئارەنان»ی سنە و ئەو چوار هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد.
دەوترێت ئەم کەسانە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون.
دیار ئەحمەدی، عەلی ئەحمەدی و ئەیوب ئەحمەدی پێشتریش لە کۆتایی خەرمانان و ڕەزبەری ١٤٠٢دا (سێپتامبەر و ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم گوندەدا دەستبەسەر کرابوون و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.